السبت، 26 مايو 2018

‎پزیشكی تایبەتی فیرعەون- سینۆھە

‎پزیشكی تایبەتی فیرعەون- سینۆھە...
‎کاتێک سینۆهە شەوێک بە مەستی لە تەنیشت ڕووباری نیل خەوی لێ دەکەوێت، بۆ بەیانی خەبەری دەبێتەوە و یەکێک لە کۆیلەکانی میسر کە هەردوو گوێ و لووتی بە نیشانەی کۆیلەبوون بڕدرابوون، بەسەر سەری خۆیەوە دەبینێت، سەرەتا لێی دەترسێت بەڵام دواتر کاتێک بۆی دەردەکەوێت بێ ئازارە دەست دەکات بە قسەکردن لەگەڵیدا٠

‎کۆیلەکە باسی ئەو زوڵم و دەستدرێژییانە دەکات کە چینی خانەدانی میسر دەرهەق بە ئەو ئەنجامیان دابوو، باس لە فەرمانڕەوایەتیی دەرەبەگی ئەو ڕۆژانەی وڵاتی میسر دەکات٠

‎کۆیلەکە داوا لە سینۆهە دەکات بیبات بۆ سەر گۆڕی یەکێک لە خانەدانە ناسراو و ستەمکارەکانی میسر، چونکە سینۆهە خوێندەوار بوو، دەیویست بزانێت خودایان چییان لەسەر گۆڕی ئەو ستەمکارە نووسیوە٠

‎سینۆهە لە کۆیلەکە دەپرسێت بۆچی دەتەوێ چارەنووسی ئەم کەسە بزانیت؟

‎کۆیلەکە دەڵێت چەند ساڵێک لەمەوبەر من مرۆڤێکی بەختەوەر و ئازاد بووم، هاوسەرێکی جوان و کچێکی گەنجم هەبوو، کێڵگەیەکی بچووک و پڕ بەرەکەتم هەبوو کە لە تەنیش کێڵگەیەکی فراوان و بێ سنووری یەکێک لە خانەدانەکانەوە بوو، ڕۆژێک ئەو بە پێدانی بەرتیل بە کاربەدەستانی فیرعەون زەوییەکەی منی کرد بە ناوی خۆیەوە و بەبەرچاومەوە دەسدرێژیی کردە سەر هاوسەر و کچەکەم، پاشان هەردوو گوێ و لووتی بڕیم و بۆ کاری زۆرەملێ ڕوانەی کانەبەردەکانی کردم٠




‎چەندین ساڵ کاری بە هاوسەر و کچەکەم کرد و پاشانیش هەردووکیانی وەک خزمەتکار فرۆشت و ئێستا هیچ زانیارییەکم لەبارەیانەوە نییە٠

‎ئێستا لە کانەبەرد ڕزگارم بووە و بیستوومە ئەو کەسە مردووە، لەبەرئەوە دەمەوێ بزانم خودایان چییان لەسەر گۆڕەکەی نووسیوە٠

‎سینۆهە لەگەڵ کۆیلەکە بۆ شاری مردووەکان (گۆڕستان) دەڕوات و نووسراوی سەر گۆڕی ئەو کەسە بەم جۆرە دەخوێنێتەوە:

‎«ئەم پیاوە کەسێکی بەڕێز و دروستکار بوو، هەمیشە لە ژیانیدا هاوکاریی لێقەوماوانی دەکرد و ناموسی خەڵکی لای ئەو پارێزراو بوو، ئەو زەوییەکانی خۆی بە هەژاران دەبەخشی و هەرکات کەسێک ماڵێکی لێ ون ببووایە لە سامانەکەی خۆی بۆی دەژمارد و قەرەبووی دەکردەوە، ئەو ئێستا لای خودای مەزنی میسر (ئامون)ە و بە بەختەوەریی هەمیشەیی گەیشتووە٠»

‎لەم کاتەدا کۆیلەکە دەست بە گریان دەکات و دەڵێت:
‎«ئەو هێندە کەسێکی بەڕێز و دروستکار بووە و من نەمزانیبوو؟ دروودی خودایان لەسەر ئەو بێ٠ ئەی خودای مەزن ئەی (ئامون) لەبەر ئەو بیرکردنەوە چەپەڵانەی سەبارەت بەم پیاوە هەمبوو، لێم ببوورە٠»

‎سینۆهە لێی دەپرسێت سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی ئەم پیاوە لە تۆی کردووە بۆچی هێشتا پێت وایە کەسێکی باش و دروستکار بووە؟
‎کۆیلەکە لە وەڵامدا ئەم ڕستە مێژووییە دەڵێت: «کاتێک خودایان ئاوایان لەسەر گۆڕەکەی نووسیوە، منی زەبوون چۆن دەتوانم پێچەوانەکەی بڵێم؟» سینۆهە پاشان لە یاداشتەکانیدا کاتێک ئاماژە بەم چیرۆکە دەکات دەنووسێت:
‎لەوێدا بوو کە زانیم کەودەنیی و گەلحۆیی مرۆڤ کۆتایی نایەت .